تەرمی عەلی قازی گەڕێندرایەوە بۆ هەولێر

ئەمڕۆ دووشەممە 18-07-2022 تەرمی عەلی قازی، کوڕی پێشەوا قازی محەممەد گەڕێندرایەوە بۆ هەولێر و لە فڕۆکەخانە بە رێوڕەسمێکی تایبەت و بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە تەرمەکەى کرا .

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە رێورەسمەکەدا گوتارێکی پێشکێش کرد و گوتی، “عەلی قازی هەمیشە لە خەمی یەکڕیزی و تەبایی و یەکێتیی گەلەکەیدا بووە.”

لەبارەی پێشەوا قازی محەممەدیشەوە، نێچیرڤان بارزانی باسی لەوە کرد، “پێشەوا قازی لە قۆناخێکی یەکجار دژواردا رابەرایەتی میلەتەکەی کرد، دواجاریش مەردانە چووە بەر پەتی سێدارە و لەوپێناوەدا گیانی خۆی بەخشی.”

عەلی قازی، تاقانە کوڕی پێشەوا قازی محەممەدە، بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە 10-07-2022 لە نەخۆشخانەیەک لە ئەڵمانیا بەهۆی وەستانی دڵیەوە کۆچی دواییکرد.

عەلی قازی محەممەد لە ساڵی 1933 لە شاری مهاباد لە رۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە. کاتی راگەیاندنی کۆماری کوردستان تەمەنی 13 ساڵ بووە. ماوەیەک سەرۆکی پارتی ئازادیی کوردستان بوو و دواتر بەهۆی نەخۆشییەوە دەستبەرداری پۆستەکەی بووە.

پەیوەندیدار