ساڵح محەمەد عێراقی، کەسایەتی نزیک لە موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر کە بە “وەزیرەکەی سەدر” ناسراوە، پەیوەست بە روداوەکانی شەوی رابردوی بەسڕە هۆشداری دایە قەیس خەزعەلی، ئەمینداری بزوتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق و رایگەیاند، “پێویستە میلیشیاکانت جڵەو بکەیت، ئەگەر خۆشت لە بکوژ و تاوانباران بێبەری نەکەیت، کەواتە بێ چاو و ڕویت”.
پەڕەی ساڵح محەمەد عێراقی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر لە پەیامێکدا باسی لەوەشکردوە، قەیس خەزعەلی، ئەمینداری بزوتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق “ئەگەر خۆت لە بکوژ و تاوانباران بێبەری نەکەیت، یان نەیسەلمێنیت کە سەر بەتۆ نین، کەواتە بێ چاو و ڕویت”.
ئاماژەی بەوەشکردوە، دەبێت بێباکی بەرامبەر رشتنی خوێنی گەل کۆتایی پێبهێنرێت، چونکە ناکرێت هەر کەسێک فەرمانی کوشتن بە شوێنکەوتوەکانی بدات و خەڵک تیرۆر بکات، بۆیە جەخت دەکاتەوە کە حەشدی شەعبی بەرامبەر ئەو “تاوانە بێبەرییە”.
شەوی رابردو لە پارێزگای بەسڕە شەڕ و روبەڕوبونەوەی چەکداری لەنێوان نوسینگەیەکی بزوتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق و حسێن فوئاد، فەرماندەی هێزەکانی سەرایا سەلامی سەر بە رەوتی سەدر رویدا، لە ئەنجامیشدا فەرماندەکەی سەرایا سەلام کوژرا و ژمارەیەک چەکداری بزوتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەقیش برینداربون.
ئەم هۆشدارییەی سەدرییەكان، دوای تێكهەڵچوونەكەی شەوی ڕابردووی پارێزگەی بەسرەی باشووری عێراق دێت لەنێوان هێزەكانی سەرایا سەلامی سەدری و هێزەكانی عەسائیب.
عێراقی داوای لە خەزعەلی كردووە، كۆنترۆڵی میلیشیا چەكدارەكانی بكات و خۆی لە تاوانباران دووربخاتەوە.
گرژییەكانی پارێزگەی بەسرە دوای ڕۆژێك لە تێكهەڵچوونە چەكدارییەكانی ناوچەی سەوزی بەغدا دێت كە زیاد لە 30 كوژراو و 700 برینداری لێكەوتەوە.