لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 35 هەزار کرێکاری بیانی هەن

رێکخراوێکی تایبەت بە داکۆکیکردن لە کرێکاران ئاشکرای دەکات لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 35 هەزار کرێکاری بیانی هەن، بەڵام هەندێک کەس بازرگانی بە کرێکارانی بیانییەوە دەکەن.

حەمەهەژار مەحموود، بەرپرسی رێکخراوی رۆشنبیری و داکۆکی لە کرێکارانی بیانی لە هەرێمی کوردستان راگەیاند؛ لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 35 هەزار کرێکاری بیانی کاردەکەن، بەڵام ئەوان لە دۆخی کارکردنی ئەوان لە هەرێمی کوردستان رازی نین.

حەمەهەژار مەحموود دەڵێت: “بەداخەوە بەشێک لەو کرێکارانە رووبەڕووی ستەم دەبنەوە و دزییان لێدەکرێت و مافەکانیان نادرێت رووبەڕووی لێدان دەبنەوە. هەندێکیشیان بازرگانییان پێوە دەکرێت و دەبرێنە ناوچەکانی دیکەی عێراق و دەرەوە.”

لەگەڵ ئەوەشدا ئاماژەی بەوە کرد، لە رووی داراییەوە دۆخی دارایی کرێکارانی بیانی لە کرێکارانی خۆماڵی باشترە، چونکە بە گوتەی ئەو خەرجیان کەمترە.

بەرپرسی رێکخراوی رۆشنبیری و داکۆکی لە کرێکارانی بیانی ئاشکرای کرد، ئەمساڵ نۆ کرێکاری بیانی لە هەرێمی کوردستان گیانیان لەدەستداوە، کە پێنجیان نیپاڵی و سێیان هیندی و یەکێکیشیان خەڵکی غانا بووە، بەڵام هیچیان لە کاتی کارکردن گیانیان لەدەستنەداوە، بەڵکو دووانیان بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا و حەوتەکەی دیکەش بە مردنی ئاسایی بووە.

سەبارەت بە رێگەکانی هاتنی کرێکارانی بیانی بۆ هەرێمی کوردستان، حەمەهەژار گوتی: “بەشێکیان بە ڤیزای کار و هەندێکیان بە ڤیزای سەردان و بەشێکیشیان بەتایبەت لە سووریا و ئێرانەوە بەقاچاخ دێن.”

بە گوتەی حەمەهەژار مەحموود، کرێکارانی بیانی لە هەرێمی کوردستان کێشە و گرفتیان زۆرە، دەیانەوێت بەرپرسانی هەرێمی کوردستان لە سەرووی هەموویانەوە سەرۆکی حکومەت ببین بۆ ئەوەی گرفتەکانیان لەگەڵ باس بکەن و بەرنامەی خۆشیان بۆ باشترکردنی دۆخی ئەو کرێکارانە باس بکەن،

لە ساڵی 2017ـوە بەهۆی سەرهەڵدانی قەیرانی سیاسی و ئابووری، مۆڵەتی هێنانی کرێکاری پڕۆژە و کۆمپانیاکان جگە لە کرێکاری ژینگە و خزمەتگوزاریی ناوماڵ کەمکرایەوە. خاوەنکار دەبێت کرێکار بۆ ئەو کارانە بێنن کە لە ناوخۆ کرێکاری بۆ دەستناکەوێت، دواترش ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سەرەتای ساڵی 2020، وایکرد بەشێک لە کرێکارە بیانییەکان هەرێمی کوردستان جێبهێڵن.

پەیوەندیدار