دژەتیرۆری کوردستان حەوت تیرۆریست رادەستی حكومەتی عێراق دەکاتەوە

بەڕێوەبەرایەتی گشتیی دژەتیرۆری کوردستان (KCT) رایگەیاند، هێزەکانیان حەوت ئەندامی گروپی چەکدارانی داعشیان لە هەولێر دەستگیرکردوە کە لەلایەن دادگای عێراقەوە داواکراو بون، بۆیە دوێنێ رادەستی دژەتیرۆری عێراق کراونەتەوە.
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی دژەتیرۆری کوردستان (KCT) ئەمڕۆ دوشەممە لە راگەیەنراوێکدا باسی لەوەشکردوە، ئەو کەسانەی بەتۆمەتی تیرۆر و ئەندامیەتی داعش دەستگیرکراون بریتین لە (احمد عبدالقادر یونس، احمد فیصل علی صالح، بهاءالدین عبد زبار محمد سلمان، عبداللە احمد ابراهیم عبداللە، محمد عبدالستار نجم عبداللە، مهند عونی محمود حسن و یونس محی عواد کاظم).
ئەوەشی خستوەتەڕو، ئەو حەوت کەسە ئەندامی چالاکی رێکخراوی داعش بون، لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتیی دژەتیرۆری کوردستان لە شاری هەولێر دەستگیر کراون. بەهۆی ئەوەی لە داواکراوانی دەزگای دژەتیرۆری عێراق بون.
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی دژەتیرۆری کوردستان (KCT) دەڵێت، لەسەر داوای دەزگای دژەتیرۆری عێراق و بە فەرمانی دادوەر، لە رۆژی 20ی تشرینی دوەمی 2022 ئەو کەسانە رادەستی دەزگای دژەتیرۆری عێراق کرانەوە.

پەیوەندیدار