ئەجێندای سەردانەکەی سودانی بۆ تاران و ریاز ئاشکرا دەکرێت

محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق رۆژی سێشەممەی داهاتو بە سەردانێک دەگاتە تاران و دۆسیەی بۆردومانەکانی سەر هەرێمی کوردستان، پرسی ئاو و هاوکاری دولایەنە تاوتوێ دەکات، هەروەها بڕیارە سەرەتای مانگی داهاتوش ناوبراو سەردانی سعودیە بکات بە ئامانجی تەواوکردنی گفتوگۆکانی نێوان تاران و ریاز بەمەبەستی گەڕاندنەوەی پەیوەدنییە دیپلۆماسییەکانی نێوان هەردو وڵات.

سەرچاوەیەک لە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بە رۆژنامەی “العربی الجدید”ـی راگەیاندوە، سێشەممەی داهاتو محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیران بە سەردانێکی فەرمی دەگاتە تاران و لەگەڵ ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆک کۆمار و بەرپرسانی باڵای دیکە ئەو وڵاتە کۆدەبێتەوە، بۆردومانەکانی سەر هەرێمی کوردستان، بونی هێزە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران و چەند دۆسیەیەکی دیکەی تایبەت بە ئاسایشی سنورەکان لەگەڵ بەرپرسانی تاران تاوتوێ دەکات.

ئەوەشی خستوەتەڕو، هەروەها پەیوەندییە ئابورییەکانی نێوان بەغدا و تاران، پڕۆژەی هێڵی شەمەندەفەر لەنێوان هەردو وڵات، وزە، ئاڵوگۆڕی بازرگانی و دۆسیەی نەوت و غاز سەرەکیترین تەوەری گفتوگۆکانی نێوان شاندی باڵای عێراق و ئێران دەبن.

سەرچاوەکەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران دەڵێت، سەرەتای مانگی داهاتوش سودانی سەردانی سعودییە دەکات بەمەبەستی بەشداریکردن لە لوتکەی عەرەبی-چین کە تایبەتە بە پرسی ئابوری و وەبەرهێنان، هەروەها تەواوکردنی گفتوگۆکانی نێوان تاران و ریاز بەمەبەستی گەڕاندنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانیان ئامانجێکی دیکەی سەردانەکە دەبێت.

بەرپرسانی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی عێراق دەڵێن، هەولێر و بەغدا لەسەر دۆسیەی ئەمنی هاوبەش بۆ پاراستنی سنورەکان گەیشتون بە رێککەوتن، هەروەها هەردولا جەخت لەسەر پاراستنی سەروەری خاکی عێراق و رەتکردنەوەی پێشێلکردنی سنورەکان دەکەنەوە.

پەیوەندیدار