بۆ جاری دووەم و بە پێچەوانەی ماددەی 140ی دەستووری هەمیشەیی عێراق، بە سوودوەرگرتن لە لاوازیی پێگەی کورد لە ناوچە دابڕێندراوەکان، ئەنجومەنی پارێزگای دیالە ناحیەی جەلەولای کردووەتە قەزا و ناحیەی سەعدیەشی خستووەتە سەر؛ هاوکات وەزارەتی پلاندانانی عێراق بە فەرمی بڕیارەکەی پەسەند کردووە و کۆدی تایبەتی بۆ داناوە.
ئێمە لە لقی گەرمیانی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان، وەک چۆن لە ڕابردوودا دژی هەر هەوڵێکی تەعریب، گۆڕینی دیموگرافیا و دەستکاریکردنی یەکە ئیدارییەکان بووین لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، لە ئێستا و داهاتووشدا بە توندی دژی هەر هەوڵێکی لەو شێوەیە دەوەستینەوە.
لەکاتێکدا حزبە کوردستانییەکانی سنوورەکە ئەرکی خۆیان جێبەجێ کردووە، بە پێویستی دەزانین “دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم” بە هەماهەنگی لەگەڵ سەرکردایەتی سیاسیی کورد و نوێنەرانی کورد لە بەغداد، فشارێکی ڕاستەقینە بخەنە سەر وەزارەتی پلاندانانی عێراق بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەم بڕیارە و ڕێگریکردن لە هەر هەنگاوێکی تەکڕەوانە.
لقی گەرمیانی
حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان
24ی شوباتی 2026




